یەکێتیی ئەوروپا دوایین هۆشداری دەداتە تورکیا

یەکێتیی ئەوروپا دوایین هۆشداری دەداتە تورکیا
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ میدیای یۆنانی رایگەیاند کە تورکیا ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا دەستەمۆ بکات.

مارگریتیس کیناس، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا کرد لە سەر سەرچاوەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لەو بارەیەوە گوتی: "هیج لایەنێک ناتوانێت یەکێتیی ئەوروپا بە هەڕەشە و قیڕاندن دەستەمۆ بکات یان بترسێنێت. ئێمە بیر لە رێگەیەک دەکەینەوە کە دوایین دەرفەت بە تورکیا بدەین. ئەگەر پێش 25ی ئەم مانگە کەوتینە دۆخێکی لەو شێوەیە، ئەوا دۆخەکە لەبار دەبێت بۆ سەپاندنی سزا. لەم کاتەدا، کۆمەڵێک سزا لەسەر مێزی گفتوگۆن."

لەو هەڤپەیڤینەدا پرسیار لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کرا کە چ سزایەک زیاتر لە هەموویان زیان بە تورکیا دەگەیێنێت، ئەویش لە وڵامدا گوتی: "ئەو سزایانەی کە زیاتر لە هەموو شتێک زیان بە تورکیا دەگەیێنێت ئەوانە دەبن کە پێشوەخت ئاشکرا نەکراون، ئەوانە بریتین لە کۆمەڵێک سزا کە دواتر بڕیاریان لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێن."

بڕیارە لە 24ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەڕێوەبچێت.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند یەکێتییەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی کۆمەڵێک سزایە تاوەکو لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆیان لەسەر بکرێت و بڕیاریان لەسەر بدرێت.
ئامانج لەو سزایانەش ئەوەیە کە توانای تورکیا بۆ دەرهێنانی نەوت و گازی سروشتی لە سنوورە ئاوییە ناکۆکییە لەسەرەکان سنورداربکرێت.

بەگوێرەی گوتەکانی جۆزێپ بۆرێل، ئەو سزایانە کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی و کەشتییە تورکییەکان دەبێت و دەستگەیشتنی تورکیا بە بەندەرە ئەوروپیەکانیش دەگرنەوە. هەروەها جۆزێپ بۆرێل دەڵێت کە یەکێتیی ئەوروپا بە جیددی لەسەر هەموو پرسێک دەوەستێتەوە کە بە چالاکیی نایاسایی دادەنرێن.

هۆشدارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدان کە تورکیا سوورە لەسەر گەڕان بەدوای وزە لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا، بۆ ئەم مەبەستەش کەشتیی ئۆرچ رەیسی ناردووە بۆ گەڕان بەدوای وزەدا.




rudaw
Top