شارلی ئیبدۆ جارێکی دیکە کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام بڵاودەکاتەوە
لە گوتارێکدا گۆڤارەکە بەرگری لە بڕیاری دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرانە دەکات و دەڵێت، "بەشێکە لە مێژوو، مێژووش نە دەکرێت بنووسرێتەوە و نە دەکرێت بسڕێتەوە". هاوکات گۆڤارەکە دەڵێت، لەدوای رووداوەکەوە چەندجارێک داوایان لێکراوە ئەو وێنانە بڵاوبکەنەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە، نەک لەبەر ئەوەی رێگەپێدراو نەبووبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەبوو مانا و مەبەستێکی قووڵی هەبێت و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لەو هەفتەی کە دادگاییەکە بەڕێوەدەچێت ئەو مانا دەگەیێنێت.
لە ساڵی 2015 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرش کرایە سەر نووسینگەی گۆڤارەکە، تێیدا 12 کەس لە نووسینگەی گۆڤارەکە کوژران.
لە رۆژی رووداوەکەدا هێرشێکیش کرایە سەر سۆپەرمارکێتێکی جووەکان لە پاریس، هێرشی سەر گۆڤارەکە لەلایەن دوو براوە بەناوەکانی شەریف و سەعید کواشی ئەنجامدرا، هێرشی دووەمیش لەلایەن کەسێکی ناسراوی دوو براکەوە ئەنجامدرا.
رۆژی چوارشەممە دادگایی 14 تۆمەتبار دەستپێدەکات و هەر هەمان رۆژیش بڕیارە گۆڤارە فەرەنسییەکە کاریکاتێرەکان لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوبکاتەوە.
rudaw
