لە تورکیا 47 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

لە تورکیا 47 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری نوێی چاکبوونەوە، گیانلەدەستدان و تووشبووانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 109 هەزار و 443 پشکنین کراون؛ ئەنجامی پشکنینی هەزار و 572 کەس پۆزەتیڤ بوون و 47 تووشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە.

بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە شەش هەزار و 417 کەس، ژمارەی تووشبووانیش بۆ 271 هەزار و 705 کەس بەرزبووەتەوە؛ 991 لەو تووشبووانەش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

هەر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 1003 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەگشتی تاوەکو ئێستا 245 هەزار و 925 تووشبوو لە باکووری کوردستان و تورکیا چاکبوونەتەوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، ژمارەی مردووان لە رۆژێکدا نزیکەی 20 کەس بوو، بەڵام ئەو ژمارەیە لە بەربوونەوەدایە. رۆژی شەممە 39، یەکشەممە 42، دووشەممە 44 و ئەمڕۆ سێشەممە 47 تووشبووی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی 11ی ئاداری 2020 یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان و تورکیا راگەیێندرا.





rudaw
Top