بایدن هەوڵی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و زیندوکردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە دەدات
بایدن پلان دادەنێت بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر تاران وەک هەنگاوێگ بۆ گەڕانەوەی ئێرانییەکان بۆ سەر مێزی دانوستان
بەپێی راپۆتێکی رۆژنامەی Newesweek-ی ئەمریکی، پەیمانگەی بەرگری لە دیموکراسیەتی ئەمریکا ئاشکرایکردوە، تیمەکەی جۆ بایدن، کاندیدی فەرمی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵی ئەمریکا پلان دادەنێت بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر تاران وەک هەنگاوێگ بۆ گەڕانەوەی ئێرانییەکان بۆ سەر مێزی دانوستان و زیندوکردنەوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.
ئاماژەی بەوەشکرد، دو مانگی داهاتوی وڵاتەکەی کە تیایدا هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، دەبێت بە خاڵی یەکلاییکەرەوە بۆ درێژەدان بە دژایەتیکردنی ئێران یاخود ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵیدا.
پەیمانگەی بەرگری لە دیموکراسیەتی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە، ئەگەر واشنتن بیەوێت بەتەواوەتی سەرچاوەی دارایی ئێران ببڕێت، پێویستە جگە لە بانکی ناوەندی 13 بانکە سەرەکییەکەی ئێران بخاتە لیستی رەشەوە، تەنها یەک بانک نەبێت، کە لە رێگەیەوە پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنرێت بە ئێرانییەکان.
هەر لەو راپرۆتەدا هاتوە، لە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ گەمارۆی چەک لەسەر ئێران لادەدرێت، هاوکات گەمارۆی کڕینی موشەکیش لە ساڵی 2023 لەسەر وڵاتەکە لادەدرێت، ئەوەش وادەکات ئێران زیاتر دەستی بە چەک بگات و "ئاسایشی ناوچەکەی پێ بشێوێنێت"، بۆیە پێویستە ئەمریکا لەم دو مانگەدا جگە لە زیادکردنی سزاکانی وڵاتەکەی، هەوڵی گەڕانەوە سزا نێودەوڵەتییەکانیش بۆ سەر تاران بدات.
راوێژکارەکانی بایدن لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیری هاوبەشدا پلانی گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە یان ئەنجامدانی رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتە دادەڕێژن
ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا راوێژکارەکانی بایدن لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیری هاوبەشدا پلانی گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە یان ئەنجامدانی رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتە دادەڕێژن، ئەگەر بایدن براوەی هەڵبژاردەکان بێت لە ساڵی 2021 ئێران و ئەمریکا لەسەر مێزی دانوستان کۆدەبنەوە.
خەندان-
