ناتانیاهۆ: ڕێگە نادەین ئێران ئاشتیی ئێمە و وڵاتانی عەرەبی تێک بدات
بنیامین ناتانیاهۆ، دوێنێ یەکشەممە 2020.8.30 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جێر کۆشنەر زاوا و ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ کە لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمریکی سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، ئاشکرای کرد: "ئێمە لە حاڵێکدا بەتەماین بەرەو بووژانەوە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ هەنگاو هەڵبگرین، بەڵام دیتکتاتۆرەکانی تاران گەرەکیانە ئێمە بۆ سەردەمی تاریکی و سەدەکانی ناوەڕاست بگەڕێننەوە".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە: "نابێ ڕێگە بدەین ئێران ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی تێک بدات".
ئیسرائیل و ئیمارات لە هەڵوێستێکی مێژووییدا گەیشتوونەتە ئەو ڕێککەوتنەی کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بۆ ئەم کارەش باڵوێزخانەیان لە پایتەختی هەر دوو وڵات کردووەتەوە، لە بەرانبەردا ئێران ئەو ڕێککەوتنە بە کارێکی "ئابڕووبەرانە" و "خەنجەر لە پشتی خەڵکی فەلەستین" ناودێر کردووە.
دوێنی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد بڕیارە ڕێوڕەسمی واژۆی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (سێپتەمبەر) لە واشنتۆن بەڕێوە بچێت.
بۆ ئەم مەبەستەش هەر سێ وڵات دەستیان بە ئامادەکاری بۆ ئەو ڕێککەوتنە کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ دوو شاندی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بگەنە ئیمارات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببنەوە.
باسنیوز
