بۆ دوەمجار لە ماوەی مانگێکدا، ماکرۆن سەردانی لوبنان دەکاتەوە
پێشمەرجی فڕەنسا بۆ هاوکاری لوبنان "سەردەمێکی نوێی کایەی سیاسی" و چاکسازییە لەو وڵاتەدا
سەردانەکەی ئەمڕۆی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فڕەنسا پێشوتر راگەیەنراوە و ئامادەکاری بۆ کراوە، سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان دوای ئەوەی حکومەتی پێشو بەسەرۆکایەتی حەسەن دیاب 10ی ئەم مانگە دەستیلەکارکێشاوە، پێشمەرجی فڕەنساش بۆ هاوکاری لوبنان "سەردەمێکی نوێی کایەی سیاسی" و چاکسازییە لەو وڵاتەدا.
بەلەبەرچاوگرتنی خواستەکانی گەل هەمواری دەستور بکرێت
لای خۆیەوە میشێل عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان چەند کاتژمێرێک بەر لەسەردانەکەی ماکرۆن لە پەیامێکێدا داوای هێنانەکایەی گۆڕانکاری و دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی کرد، کە بتوانێت پارێزگاری لە هەمو پێکهاتە و رەنگەکان بکات و بەلەبەرچاوگرتنی خواستەکانی گەل هەمواری دەستور بکرێت.
4ی ئاب تەقینەوەیەکی گەورەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رویدا و بەهۆیەوە تائێستا 200 کەس گیانیانلەدەستداوە
4ی ئاب تەقینەوەیەکی گەورەی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رویدا و بەهۆیەوە تائێستا 200 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 6 هەزار کەسیش برینداربون، چەندین وڵات لەنێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان نیشانداوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەغدا 20 تەن هاوکاری تەندروستی، هاوکاری نەوت و وزەشی پێشکەش بەیروت کردوە.
خەندان-
