ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی ویفاقی لیبیا : هەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەکی دیکە شکستیهێنا
فەرمانی دەستگیرکردنی باشائاغا-یان دەرکردوە و لە ماوەی 72 کاتژمێردا لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستپێدەکەن
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە، شەوی رابردو ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی ویفاقی لیبیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی فەتحی عەلی باشائاغا، وەزیری ناوخۆی لیبیایان دەرکردوە و لە ماوەی 72 کاتژمێردا لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستپێدەکەن.
باشائاغا پلانی ئەنجامدانی کودەتای بەسەر فایز سەراج هەبوە
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی باشائاغا پلانی ئەنجامدانی کودەتای بە هاوکاری لەگەڵ خالید مشری، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت لە لیبیا و کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بەسەر فایز سەراج، سەرۆکی حکومەتی ویفاق داناوە، بەهۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
لەلایەن خۆشییەوە باشا ئاغا لە بەیاننامەیەکدا رەزامەندی خۆی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەربڕی، داواشیکرد کە دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوەکەی بە ئاشکرابێت و راستەوخۆ لەلایەن میدیاکانەوە بگوازرێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ کۆمەڵێک لە خۆپیشاندەران لە تەرابلوسی پایتەخت کۆبونەوە، بەڵام هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە دەستڕێژی گوللـە بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و چەندین چالاکوانی ئەو خۆپیشاندانەش دەستگیرکران.
خەندان-
