ترەمپ نێوەندگیری لەنێوان تورکیا و یۆنان دەکات
سەرۆکی ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان دەکات و پەیوەندیی بە دوو سەرکردەی ئەو وڵاتەوە دەکات.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26-8-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە جیا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆک وەزیرانی یۆنانەوە کردووە.
لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان و کیریاکۆس میتسۆتاکیس، دۆناڵد ترەمپ هەوڵی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی داوە.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرکۆماری تورکیا و سەرۆک وەزیرانی یۆنان کردووە کێشەکانی نێوان وڵاتەکانیان بە دانوستاندن چارەسەر بکەن و رەوشەکە زیاتر ئاڵۆز نەکەن.
تورکیا هەوڵی گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەت لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرسی یۆنانی دەدات و ئەو دوو وڵاتەش هەوڵەکانی تورکیا بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خۆیان، هەژمار دەکەن.
باسنیوز
