ماکرۆن پلانێک بۆ چاکسازی لە لوبنان دادەنێت
سەرۆکی فەرەنسا پپلانێک بۆ چاکسازی لە لوبنان دادەنێت و جارێکی دیکە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) رایگەیاندووە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە لە رۆژی 1-9-2020 سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەکات.
ماڵپەڕی (سکای نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، کە ئیمانوێڵ ماکرۆن پلانێکی بۆ چاکسازی لە لوبنان داناوە و باڵوێزی فەرەنسا لە بەیرووت، پلانەکەی داوەتە بەرپرسانی باڵای لوبنان.
ئیمانوێڵ ماکرۆن لە پلانەکەیدا، جەختی لەسەر چەند پرسێک کردووەتەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە؛
- لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە مامەڵەکانی بانکی ناوەندیی لوبنان
- پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی لوبنان بە نزیکترین ماوە
- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا
- هاوکاریکردنی لوبنان لە رووی مرۆیی و رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
- نۆژەنکردنەوەی بەندەرەکەی بەیرووت، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تەقینەوەیەکی گەورە تێیدا رووی دا
- سەرپەرشتیکردنی ئەو هاوکارییانەی دەدرێتە لوبنان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
- لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەی بەیرووت
پێشتر و لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەیرووت، کە دوای تەقینەوە گەورەکە ئەنجامی دا، ئیمانوێڵ ماکرۆن رایگەیاند، "پێویستە چاکسازی بکرێ، سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێ و دابەشکاریی بوەستێندرێ و شەڕی گەندەڵی بکرێت".
سەرۆکی فەرەنسا دوو رۆژ دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، سەردانی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان کۆ بووەوە.
رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 181 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
باسنيوز
