توركیا: لە مانگی ئابدا ملیۆن و نیوێک گەشتیاری بیانی روویانکردووەتە ئەنتاڵیا

توركیا: لە مانگی ئابدا ملیۆن و نیوێک گەشتیاری بیانی روویانکردووەتە ئەنتاڵیا
پارێزگاری ئه‌نتاڵیا ئاشکرایکرد، لە ماوەی 26 رۆژی مانگی ئابدا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن هاتوونەتە ئەنتاڵیا.

ئه‌رسین یازیجی، پارێزگاری ئه‌نتاڵیا رایگه‌یاند، له‌ رۆژانی 1 تاوه‌كو 26ی ئاب، لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا، یەک ملیۆن و 534 هەزار و 411 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە.

رەجەب یاڤووز، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشتوگوزاری ئەنتاڵیا رایگەیاند، لە رۆژانی 1 تاوەکو 20ی ئاب، لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا، یەک ملیۆن و 87 هەزار و 959 گەشتیاری بیانی بۆ گەشتکردن سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە؛ زۆرترین گەشتیاریش لە ئۆکرایناوە بوون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەرۆکی کۆمەڵەی گەشتوگوزاری ئەنتاڵیا رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا سێکتەری گەشتیاریی لە رەگ و ریشەوە وشککردووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی 2019 ئەنتاڵیا پێشوازی لە 15 ملیۆن و 37 هەزار و 331 گەشتیاری بیانی کرد، کەچی ئەمساڵ خەریکە کۆتایی بە وەرزی گەشتوگوزاری هاوینە دێت، تەنیا یەک ملیۆن و نیو گەشتیار هاتوونەتە ئەنتاڵیا.

به‌ گوێره‌ی ئاماری ساڵی 2019ی رێکخراوی جیهانیی گەشتوگوزار UNWTO، تورکیا لە ریزبەندی شەشەمین وڵاتی جیهاندایە کە زۆرترین گەشتیار گه‌شتیان بۆ كردووه‌، بەشێوەیەک کە لەو ساڵەدا رێژه‌ی گه‌شتیار 14% زیادیكردووه‌ و 52 ملیۆن و 515 هەزار و 662 گەشتیاری بیانی گەشتیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە.

پێشتر وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا رایگەیاندبوو، لە رێگەی گەشتیارە بیانییەکانەوە، ساڵی 2019 زیاتر لە 42 ملیار و 122 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە.



rudaw
Top