تەندروستی جیهانی "دەستکەوتێکی مێژویی" تۆماردەکات

 تەندروستی جیهانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، توانیویانە ئیفلیجی منداڵان لە کیشوەری ئەفریقا بنەبڕبکەن، ئەوەش "دەستەکەوتێکی مێژوویی" رێکخراوەکەیانە.

بۆ ماوەی حەوت ساڵە هیچ حاڵەتێکی توشبون بە ئیفلیجی منداڵ لە کیشوەری ئەفریقا تۆمارنەکراوە


لەوبارەیەوە دکتۆر ماچیدیسۆ مویتی، بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کیشوەری ئەفریقا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بۆ ماوەی حەوت ساڵە هیچ حاڵەتێکی توشبون بە ئیفلیجی منداڵ لە کیشوەری ئەفریقا تۆمارنەکراوە و توانیویانە بە تەواوەتی نەخۆشییەکە لەناوبەرن".

مەترسی توشبون بە نەخۆشییەکە لەسەر نەوەی داهاتوی ئەفریقا نەماوە


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەستکەوتە گرنگی تەندروستی گەورەی دەبێت بۆ کیشوەرەکە، بەهۆیەوە مەترسی توشبون بە نەخۆشییەکە لەسەر نەوەی داهاتوی ئەفریقا نەماوە.

لەدوای ساڵی 1996 تا ئێستا توانیویانە 1.8 ملیۆن منداڵ لە توشبون بە نەخۆشییەکە رزگاربکەن، کە بەدرێژایی ژیان لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە


بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوەشکردوە، لەدوای ساڵی 1996 تا ئێستا توانیویانە 1.8 ملیۆن منداڵ لە توشبون بە نەخۆشییەکە رزگاربکەن، کە بەدرێژایی ژیان لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، ئەوەش دەستکەوتێکی مێژوییە بۆ کیشوەری ئەفریقا.

ئیفلیجی منداڵ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەشێوەیەکی سەرەکی توشی منداڵانی خوارە تەمەن پێنج ساڵ دەبێت، دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی منداڵەکە.

نەخۆشییەکە گواستراوەیە، دەکرێت لە رێگەی ئاو یان خۆراکی پیسبو بە ڤایرۆسەکە بگوازرێتەوە، لە دەمەوە دەچێتە جەستەی منداڵەکەوە و لە ناو ریخۆڵەکانی خۆی جێگیردەکات.

تا ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە رێگەی کوتانێکی ئاسانەوە کە لە رێگەی دەمەوە بەشێوەی دڵۆپە دەدرێت بە منداڵان دەکرێت پارێزگاری لە توشبون بە نەخۆشییەکە بکرێت.






خەندان-
Top