لە نەیجیریا ژمارەیەک چەکدار بە 20 ماتۆڕەوە چەند قوتابییەک و مامۆستاکەیان دەڕفێنن

لە نەیجیریا ژمارەیەک چەکدار بە 20 ماتۆڕەوە چەند قوتابییەک و مامۆستاکەیان دەڕفێنن
ژمارەیەک چەکدار لە نەیجیریا هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەیەک و حەوت قوتابی و مامۆستاکەیان دەڕفێنن.

هێرشەکە لە گوندی دامبا لە باکووری نەیجیریای کیشوەری ئەفریقیا لەلایەن گرووپێکی چەکداری بە 20 ماتۆڕەوە بۆسەر قوتابخانەیەکی دواناوەندی ئەنجامدراوە و حەوت قوتابی و مامۆستاکەیان، کە ژن بووە، رفاندوون.

بە گوتەی شایەتحاڵەکان، لەدوای رفاندنی قوتابییەکان و مامۆستاکە، ژمارەیەک لە چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر خانووەکانی دەوروبەری قوتابخانەکە و کەلوپەلیان لێ دزیون، پاشان هێرشیان کردووەتەسەر کەنیسەیەک و کەلوپەلەکانیان شکاندووە، پاسەوانێکی کەنیسەکەش کوژراوە.

تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی گرووپە چەکدارەکەوە نییە، بەڵام گومان دەکرێت بەشێکبن لەو باندانەی کە هێرش دەکەنەسەر خەڵکی و وەکو بارمتە دەستگیریان دەکەن، دواتریش داوای پارە دەکەن لەبری ئازادکردنیان.

لە ماوەی رابردوودا، باندەکانی تاوان و دزین لە ناوچەکانی ناوەڕاستی نەیجیریا زیادیانکردووە و لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا گرووپێکی چەکداری شەش کچە خوێندکار و دوو لە کارمەندانی قوتابخانەیەکیان رفاند و دواتر بە پارە ئازادیانکردن



rudaw
Top