رووحانی: دەکرێت لە یەک حاڵەتدا لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن بکەین

رووحانی: دەکرێت لە یەک حاڵەتدا لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن بکەین
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی، لەوانەیە ئەوکاتە ئێران دەست بە گفتوگۆکردن لەگەڵیدا بکات.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری هەیە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆی تایبەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بکات، دەشڵێت "بەڵام دەبێت سەرەتا واشنتن بگەڕێتەوە ناو ئەو رێککەوتنەی کە ساڵی 2018 لێی کشایەوە".

بە گوتەی رووحانی، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشارەکان" کە واشنتن دژی ئێران گرتوویەتیەبەر 100% شکستیهێناوە، "چونکە ئامانج لەو سیاسەتە ئەوە بوو کە ئێران بە لاوازی و بە زۆر بۆسەر مێزی گفتوگۆکان رابکێشن".

سەرۆککۆماری ئێران باس لەوە دەکات کە ئەمریکا ویستوویەتی لەڕێگەی بەهێزکردنی دۆلار و لاوازکردنی ریاڵەوە، ئێران ناچار بە گفتوگۆکردن بکات و قەیرانێک لە ئێران دروستبکات بۆئەوەی خەڵک لەسەر شەقامەکان خۆپێشاندان بکەن، "بەڵام سیاسەتەکانی شکستیان هێنا".

رووحانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئەمریکا ناتوانێت لەڕێگەی گوشارەوە بگات بە رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێراندا.

رۆژی سێشەممە 8-5-2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک راگەیاند، کە لە هاوینی 2015 لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما واژۆکرا.

بڕیارەکەی ترەمپ نیگەرانی ئێران، تورکیا، رووسیا، چین و چەند وڵاتێکی ئەوروپیی لێکەوتەوە، ژمارەیەک وڵاتیش لەپێش هەموویانەوە ئیسرائیل و سعودیە پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی


rudaw
Top