ئێران لە سەکۆیەکی دیکەی کێڵگەی پارس دەستی بە دەرهێنانی گاز کرد
.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، 400 ملیۆن پێ سێجا گازیان دەرهێناوە و بۆ پاڵاوگەکانیان ناردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، سەکۆی ژمارە C13 رۆژانە توانای دەرهێنانی 43 ملیۆن مەتر سێجا گازی هەیە و پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا تواناکەی بەرزبکرێتەوە بۆ رۆژانە 56 ملیۆن مەتر سێجا، ئەوەش بە تەواوکردنی بیرەکانی سەکۆی A13.
کێڵگەی گازی پارس یان کێڵگەی گازی باشوور کێڵگەیەکی گازی سرووشتییە و کەوتووەتە کەنداو، لەنێوان هەر یەک لە قەتەر و ئێران و لە جیهاندا بە گەورەترین کێڵگەی گاز دادەنرێت.
بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە. لە بەرامبەدا گازی سرووشتی هەناردەی بەشێک لە وڵاتان دەکات.
بە گوتەی محەممەد رەزا جۆلەیی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی نیشتمانیی ئێران، لەم مانگەدا هەناردەی گاز گەیشتووەتە لووتکە و رۆژانە 79 ملیۆن مەتر سێجا گازیان هەناردەی وڵاتان کردووە.
تورکیا و عێراق لە هاوردەکردنی گازی ئێراندا لە ریزبەندیی یەکەم و دووەمدا دێن و ئێستا بە تێكڕا رۆژانە 75 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن.
رەزا جۆلەیی رایگەیاندووە، ئەوە جاری یەکەمە هەناردەی گازی وڵاتەکەی بگاتە 70 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا
rudaw
