توێژینەوەیەکی بریتانی: دەکرێت لە رێگەی حەپی فشاری خوێنەوە چارەسەری کۆرۆنا بکرێت

 توێژینەوەیەکی بریتانی: دەکرێت لە رێگەی حەپی فشاری خوێنەوە چارەسەری کۆرۆنا بکرێت
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی بریتانی، دەکرێت لە رێگەی بەکارهێنانی حەپی فشاری خوێنەوە، مەترسییەکانی پەتای کۆڤید-19 لەسەر جەستەی توشبوانی کۆرۆنا کەمبکرێتەوە.

بەکارهێنانی حەپی فشاری خوێن لە جۆری (ACE inhibitors و ARBS) دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی مردن لەناو توشبوانی کۆرۆنا


رۆژنامەی Mirror-ی بریتانی توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لەلایەن زانکۆی ئێست ئەنجێڵینا ئەنجامدراوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە، بەکارهێنانی حەپی فشاری خوێن لە جۆری (ACE inhibitors و ARBS) دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی مردن لەناو توشبوانی ڤایرۆسەکە بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەتاکە لەسەر کەسی توشبو.

دەرئەنجامی ئەو توێژینەوە پێچەوانەی ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانەی پێشوە کە دەڵێن، "بەکارهێنانی ئەو حەپانە دەبێتە هۆی رەقبونی خوێنەرەکان، ئەوەش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەدا چالاکتردەکات".

لەوبارەیەوە دکتۆر ڤاسیلیۆس ڤاسیلیۆ، لە زانکۆی ئێست ئەنجێڵینا رایگەیاند، "بەگشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی لەسەر ئەو نەخۆشانە زیاترە کە نەخۆشی دڵ و پەساتنی خوێن، یان شەکرەیان زیاترە".

بەپێی ئەو دەرئەنجامانەی کە پێی گەیشتون، بەکارهێنانی حەپی فشاری خوێن مەترسی لەسەر توشبوانی کۆرۆنا زیاد ناکات، بەپێچەوانەوە رێژەی مردن تیایاندا کەمدەکاتەوە


ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو دەرئەنجامانەی کە پێی گەیشتون، بەکارهێنانی حەپی فشاری خوێن مەترسی لەسەر توشبوانی کۆرۆنا زیاد ناکات، بەپێچەوانەوە رێژەی مردن تیایاندا کەمدەکاتەوە.

ڤاسیلیۆ ئەوەشی خستەڕو، کاتێک توێژینەوەیان لەسەر ئەو نەخشانە کردوە، کە بەشێوەیەکی رێک و بەردەوام حەپی فشاری خوێن دەخۆن، کاتێک توشی کۆرۆنا دەبن زۆر بە کەمی پێویستیان بەوەدەبێت لە نەخۆشخانەکاندا بکرێنە بەشی چاودێری وردی تەندروستی، یان ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ بەکاربهێنرێت، مەترسی مردنیش لەسەریان زۆر کەمە.






خەندان
Top