میدیاکانی ئیسرائیل باس لە چوارەم هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن

میدیاکانی ئیسرائیل باس لە چوارەم هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن


میدیاکانی ئیسرائیل باس لە ئەنجامدانی چوارەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان، دەکەن.

ئەو هەواڵانەی میدیاکانی ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڵاوی دەکەنەوە، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکیی زیاترە لە نێوان هەردوو پارتی شین و سپی بە سەرۆکایەتیی بینی گانتس و لیکۆد بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهۆ.

ئەو دوو پارتە تا ئێستا لەسەر پێکهێنانی حکوومەت رێک نەکەوتوون و پارتی شین و سپی، پارتە رکابەرەکەی بە سەرقاڵبوون بە مانۆڕی سیاسیی نێودەوڵەتی لە بری چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، تۆمەتبار دەکات.

بەشێک لە میدیا ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەر حکوومەت لەسەر پەسەندکردنی بودجەی گشتیی وڵات رێکەنەوێت، ئەوا پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بەشێوەیەکی خۆکار (تۆماتیکی) هەڵدەوەشێتەوە.

بە هەڵوەشانەوەی کنێست، ئەو وڵاتە پێدەنێتە قۆناغێکی دیکە و پێویستیی بە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، کە دەبێتە چوارم هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی ساڵێکدا.

لە ماوی ساڵانی 2019 و 2020 و بەهۆی رێک نەکەوتنی ئەو دوو پارتە سەرەکییەی ئیسرائیل، سێ هەڵبژاردنە پێشوەختە لەو وڵاتە ئەنجام دراون، لە رۆژانی؛

- 9ـی نیسانی 2019

- 17ـی ئەیلوولی 2019

- 2ـی ئاداری 2020

کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل لە 120 ئەندام پێک دێت و کام لایەن زۆرینەی کورسییەکان بە دەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیاری دەکات، بەڵام پێویستە رەزامەندیی 61 پەرلەمانتار، بەدەست بهێنێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، کە لە ساڵی 1949 لەدایک بووە، چەندین پۆستی باڵای وڵاتەکەی وەرگرتووە و چەند خولێکیش (لە 1996-1999) و (2009- 2019) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە.






باسنیوز
Top