پۆمپیۆ بۆ دژایەتیی ئێران سەردانی چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران، سەردانی چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دەکات.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە 23-8-2020 (بە کاتی واشنتن) سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئیسرائیل، بەحرێن و ئیمارات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سودان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفریقیا، دەست پێکردووە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی مایک پۆمپیۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە، سێ بابەتە، کە بریتین لە؛
- رێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران
- ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل
- پاراستنی ئابووریی ئەمریکا و ئیسرائیل ”لە وەبرهێنەرە خراپەکان“
پێشتر لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
باسنیوز
