ترەمپ: پلازمای خوێنی چاکبوەکان، چارەسەرێکی سەرکەوتوە بۆ توشبوانی کۆرۆنا

 ترەمپ: پلازمای خوێنی چاکبوەکان، چارەسەرێکی سەرکەوتوە بۆ توشبوانی کۆرۆنا
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دەستەی دەرمانی ئەمریکی دوای تاقیکردنەوە لەسەر ژمارەیەکی بەرچاو لە توشبوانی کۆرۆنا، بڕیاریدا رێگەبدات بە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی ئەوانەی پەتەکەیان تێپەڕاندوە و بەکارهێنانی بۆ توشبوانی کۆرۆنا.

بڕی 270 ملیۆن دۆلار تەرخاندەکەن بۆ ئەوەی 360 هەزار یەکەی پلازما بۆ توشبوان کۆرۆنا بەکاربهێندرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا شەوی رابردو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دەستەی دەرمانی ئەمریکی ژمارەیەکی بەرچاو دەرئەنجامی پشکنین و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو توشبوانە کردوە کە پلازمای خوێنی ئەو کەسانەیان بۆ بەکارهێنراوە کە پەتەکەیان تێپەڕاندوە و "چارەسەرەکەش سەرکەوتو بوە"، لە قۆناغی داهاتوشدا بڕی 270 ملیۆن دۆلار بۆ مانگی سوری ئەمریکی تەرخاندەکەن بۆ ئەوەی 360 هەزار یەکەی پلازما کۆبکەنەوە و بۆ توشبوان کۆرۆنا بەکاربهێندرێت.

بەهۆی پلازمای خوێن رێژەی مردنی توشبوانی کۆرۆنا 35% کەمیکردوە

ئاماژەی بەوەشکرد، لە توێژینەوەکەدا 100 هەزار کەس بەشداربون و کاردانەوەیان بۆ چارەسەرەکە هەبوە، هەروەها بەوهۆکارە رێژەی مردنی توشبوانی کۆرۆنا 35% کەمیکردوە، "ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە".

سێ ناوەندی زانستی چارەسەرەکەیان بەکارهێناوەو سەرکەوتو بوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕو، هەریەک لە دەستەی دەرمانی ئەمریکی، زانکۆی Massachusetts، زانکۆی Harvard و نەخۆشخانەی ماوت سینای پلازمایان لە ژمارەیەک توێژینەوەی تایبەت بە چارەسەرەکان بەکارهێناوە، سەرجەمیان ئەو چارەسەرە بە رێگەیەکی کاریگەر ناودەبەن.

مژدەیەک لەبارەی قۆناغەکانی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەتای کۆرۆنا رادەگەیەنم

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاندبو "مژدەیەک" لەبارەی قۆناغەکانی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەتای کۆرۆنا رادەگەیەنێت.

لەڕوی بەرزی ژمارەی توشبوانەوە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلەی یەكەم دێت

لەڕوی بەرزی ژمارەی توشبوانەوە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلەی یەكەم دێت كە تیایدا پێنج ملیۆن و 874 هەزارو 146 كەس توشی كۆرۆنا بون، هەروەها بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان تێکڕای توشبوانی کۆرۆنا لە جیهان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە گەیشتوەتە 23 ملیۆن و 586 هەزار و 512 کەس.





خەندان
Top