بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووتەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی دیکە دەردەچێت
بەهۆی تەقینەوە گەورەکەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە، دەردەچێت.
میدیا لوبنانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە دادوەر فاسی سوان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەنا فارس، بەڕێوەبەری ناوچەی بەیرووت لە ئیدارەی گومرگی لوبنان و نائیلە حاج، بەرپرسی ئەو کۆمپانیایە بە نۆژەنکردنەوەی کۆگای عەنبەر 12 راسپێردرابوو، دەرکردووە.
بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو دوو بەرپرسە، ژمارەی ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، گەیشتە شەش کەس.
رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 181 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
باسنیوز
