تەندروستیی جیهانی: پەتای کۆرۆنا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێت
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دوێنێ هەینی لە نوێترین لێدوانی خۆیدا تایبەت بە پەتای کۆرۆنا ئاشکرای کردووە، پەتای کۆرۆنا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێت.
تدرۆس ئادهانۆم، دوێنێ هەینی 2020.8.21 بە وەبیرهێنانەوەی ئەنفلوەنزای ئیسپانی، ئەو پەتا هەمەگیرەی کە ساڵی ١٩١٨ ئەورووپا و ئەمریکای گرتەوە و گیانی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن خەڵکی ئەستاند، گوتی کۆنترۆڵی ئەوپەتایە ئەوکات دوو ساڵی خایاند.
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕاشی گەیاند پەیوەستبوون و لێکگرێکدانی وڵاتان و کۆمەڵگەکان لە سەردەمی ئێستا، یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی فراوانی پەتای کۆرۆنایە و بە هیواوە گوتی: "ئێمە ئێستا ئەو زانست و توکنۆلۆژیایەمان هەیە تاکوو پەتای کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکەین".
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID19) کە بۆ یەکەمجار پاییزی ساڵی ڕابردوو لە وهانی چین سەری هەڵدا و هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، هەتا ئەمڕۆ شەممە 2020.8.22 ژمارەی تووشبوان بەو پەتایە، لە سەرانسەری جیهان گەیشتووەتە 23 ملیۆن و 96 هەزار و 301 کەس.
هاوکات لە سەرانسەری جیهاندا، 15 ملیۆن و 646 هەزار و 385 کەس تووشبووی پەتاکە، چاک بوونەتەوە.
هەر بەپێی خشتەی ئەمڕۆ، تا ئێستا 803 هەزار و 898 کەس لە سەرانسەری جیهان بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
