ئەمریکا لەسەر کوشتنی ریهام یەعقوب هاتەدەنگ

ئەمریکا لەسەر کوشتنی ریهام یەعقوب هاتەدەنگ
ئەو کچە چالاکڤانەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن و قسە دەکات ناوی ریهام یەعقوبە، پزیشک بوو، یەکێک بوو لە دیارترین ئافرەتانی چالاکڤانی خۆپێشاندانەکانی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و هەژاری و خراپی خزمەتگوزاری لە بەسرە. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لەبەغدا دوای کوشتنی، سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد.

ریهام لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەی یاوەری، شەوی چوارشەممە 19ـی ئابی 2020، لە ناوەڕاستی شاری بەسرە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژران.

کوشتنی ریهام لە عێراق هەرای ناوەتەوە، بەڕادەیەک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و چەندین سیاسەتڤانی دیکەی عێراق هاتنە سەرخەت، چونکە کوشتنی ریهام نوێترین رووداوی هاوشێوەیە لە زنجیرەی کوشتنی چالاکڤانان، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 وە لە عێراق بەردەوامە.

دوا بەدوای کوژرانی ریهام، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: "فەرماندەی پۆلیسی بەسرە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ئاسایشمان لە پۆستەکانیان لابرد، بەهۆی رووداوەکانی کوشتنی ئەم دواییە، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش ئەرکی خۆیان راپەڕێنن، تێوەگلان لەگەڵ بکوژان یان ملکەچ بوون بۆ هەڕەشەکانیان رەتدەکەینەوە، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش بە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە لە هەڕەشەکانی سەرپێچیکەرانی یاسا هەڵسن".

دوای رووداوی کوشتنی ریهام یەعقوب، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە لە عێراق رایگەیاند، "رۆڵەکانی بەسرە دووچاری هەڵمەتێکی سەربڕین بوونەتەوە"، هاوکات عەدنان زورفی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق داوای لە حکومەت کرد بە فەرماندەیی هێزی دژە تیرۆر ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاککردنەوەی بەسرە لە بکوژان ئەنجامبدات.

هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، کوشتنی چالاکوانان لە بەسرە سەرکۆنە دەکەین و پاڵپشتی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسیاران.

کوشتنی ریهام یەعقوب چالاکڤانی خۆپێشاندانەکانی بەسرە راپۆرتێکی ئاژانسی میهری نیمچە فەرمی ئێران، کە لە بەرواری 13 سێپتەمبەری ساڵی 2018 لیستێکی بەناوی چەندین چالاکڤانی بەسرە بڵاوکردەوە کردووەتە رۆژەڤ، رۆژنامەکە نووسیبووی ئەو چالاکڤانانە بەکرێگیراوی کۆنسوڵخانەی ئەمریکان لە بەسرە بۆ بە ئامانجکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکە و جوڵاندنی شەقامی عێراقی، لەو لیستەی ئاژانسە ئێرانییەکە ناوی ریهام یەعقوب هاتبوو.

دوای کوژرانی ریهام یەعقوب، لیوا عەباس ناجی، فەرماندەی نوێی پۆلیسی بەسرە رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە و لە ماوەی 48 کاژێر ئەنجامەکان رادەگەیێنن.

بەپێی حکومەتی عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 وە تاوەکو ئێستا، بەلایەنی کەم 565 خۆپێشاندەر و چالاکڤان و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەستداوە



rudaw
Top