رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای کردنەوەی قوتابخانەکان دەکات

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای کردنەوەی قوتابخانەکان دەکات
بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، بارودۆخی ئێستای وڵاتان زۆر لە کاتی سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا جیاوازە و هەربۆیەش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بە گرنگ دەزانێت.

هانز کلوج، بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا وڵاتانی ئەوروپا ئەزموون و زانیارییان بەدەستهێناوە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەربۆیە، ئێستا باشتر دەتواندرێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگیرێت.

کلوج گوتی، ئێستا وڵاتانی ئەوروپا دەتوانن رێگەبدەن خەڵکی کاری رۆژانەیان بکەن و پڕۆسەی خوێندنیش دەستپێبکاتەوە، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە هەندێک رێنمایی تایبەت.

لە دوو مانگی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا جارێکی دیکە بەرزبوەتەوە.

ئەگەر یەکەمین هەفتەی ئاب و یەکەمین هەفتەی حوزەیران بەراورد بکرێن، ئەوا لە یەکەمین هەفتەی ئابدا 40 هەزار کەس زیاتر تووشی کۆرۆنا بوون.

بەڵام بەرپرسەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "ئێمە لە مانگی شوباتدا نین. ئێستا دەتوانین جیاواز لە مانگی شوبات رووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە".

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا دەکات، هاووڵاتیان زۆر دەستیان بشۆن، نزیکەی مەتر و نیوێک تاوەکو دوو مەتر لە یەک دووربن و داوا لە حکومەتەکانیش دەکات پشکنینی زۆری کۆرۆنا ئەنجامبدەن.

کلوج ئاماژە بەوە دەکات، هەرکاتێك لە ناوچەیەک تووشبووی زۆری کۆرۆنا تۆمارکرا، بەرپرسانی ئەو ناوچەیە دەتوانن رێکاری جیاواز و تووندتر بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا جێبەجێبکەن.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژانە تێکڕا 26 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئەوروپا تۆماردەکرێن و زۆربەی تووشبووانیش گەنجن.

بەڵام هانز کلوج جەخت لە سەر پێویستی کردنەوەی قوتابخانەکان دەکاتەوە و دەڵێت، داخستنی قوتابخانەکان کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر منداڵان دەبێت.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا لە ئەوروپا تۆمارکراون و نزیکەی 215 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.




rudaw
Top