دوای هەڕەشەکەی رۆحانی سوپای ئێران دەست بەسەر کەشتییەکی ئیماراتیدا دەگرێت

دوای هەڕەشەکەی رۆحانی سوپای ئێران دەست بەسەر کەشتییەکی ئیماراتیدا دەگرێت
حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئیماراتی و دەستگیرکردنی تیمە کەشتیوانییەکەی، رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کەشتییە ئیماراتییەکە سنوورە ئاوییەکانی ئێرانی بەزاندبوو و لە رۆژی دووشەممە 17-8-2020 لەلایەن هێزەکانی وڵاتەکەیەوە دەستی بەسەردا گیرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تیمی کەشتیوانیی کەشتییەکە دەستگیرکراون و ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە یاساییەکاندان.

پێشتر و لە رۆژی 15-8-2020، حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئیمارات کردبوو و رایگەیاند، رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل ”خیانەتە لە فەلەستین، عەرەب، مسوڵمانان و شاری قودس" و و گوتی، "ئەگەر رێگا بە ئیسرائیل بدەن شوێن پێی لە کەنداو دابنێت، ئەوا هەڵسوکەت و هەڵوێستمان دەگۆڕێت“.

رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.













باسنيوز



Top