پۆمپیۆ: هەر وڵاتێک سەرپێچی گەمارۆکانی سەر ئیرانی کردبێ سزامان داوە

پۆمپیۆ: هەر وڵاتێک سەرپێچی گەمارۆکانی سەر ئیرانی کردبێ سزامان داوە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی بە چین و ڕووسیا داوە کە داخوازیی واشنتۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ زەخت و گوشارخستنە سەر ئێران و دەستپێکردنەوەی گەمارۆکان پشتگوێ نەخەن.

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دوێنێ چوارشەممە مایک پۆمپیۆ لە وەڵامی تەلەفزیۆنی (فۆکس‌نیوز) دا کە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەمبەر دژایەتییەکانی چین و ڕووسیا بەو داوایەی ئەمریکا بۆ زەخت و گوشار بۆ سەر ئیران چی دەکات، ڕای گەیاندووە: "بێگومان ئێمە ئەو هەڵوێستەمان جێبەجێ دەکەین".

مایک پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێستاش هەر وڵاتێک کە بڕیار و گەمارۆکانی پشتگوێ خستبێت، سزامان داوە، سەبارەت بە گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران، هەموو وڵاتان بەرپرسیارن و چین و ڕووسیاش دەبێ ڕەچاوی بکەن، چونکە گەمارۆکانی سەر ئێران کاتی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کراون".

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، کە مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەوەی ئەمریکا هەموو سزاکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ مایک پۆمپیۆ سەردانی نیۆیۆرک دەکات و داخوازیی ئەمریکا لەژێر ناوی بەکارهێنانی (میکانیزمی پەلاپیتکە) واتە ڕووبەڕووبوونەوەی توندتر لەگەڵ ئێران، پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.

ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووتەوە هەتا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گەمارۆکانی سەر کەرتی چەکوچۆڵی ئێران کە بڕیارە مانگی ئۆکتۆبەر کۆتاییان بێت، درێژ بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی دژایەتیی ڕووسیا و چین و بێلایەنبوونی ١١ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنیازەکەی ئەمریکا دەنگی نەهێنایەوە.






باسنيوز
Top