ترەمپ: هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنینەوە

 ترەمپ: هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنینەوە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داوا لەنەتەوە یەکگرتوەکان دەکاتەوە کە هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێتەوە.

ترەمپ بەفەرمی داوا لەنەتەوە یەکگرتوەکان دەکاتەوە کە هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێتەوە

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، سەرلەئێوارەی دوێنێ (بەکاتی واشنتن) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەفەرمی داوا لەنەتەوە یەکگرتوەکان دەکاتەوە کە هەمو سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێنێتەوە، ئەوەشی ناوناوە میکانیزمی "گێڕانەوە" کە بەهۆیەوە کۆتایی بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی کاریگەر دەهێنێت کە ساڵی 2015 واژۆکراوە و ئەمریکاش لەساڵی 2018 لێی کشاوەتەوە.

پۆمپیۆ سەردانی نیویۆرک دەکات و داواکارییەکانی ترمپ لەبارەی ئێرانەوە بەنەتەوە یەکگرتوەکان ڕادەگەیەنێت


لای خۆشییەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە بەیاوەری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی سەردانی نیویۆرک دەکات و داواکارییەکانی ترمپیان لەبارەی ئێرانەوە پێڕادەگەیەنێت.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فۆکس نیوز، پۆمپیۆ راشیگەیاندوە، " سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش دەبینم و دوای ئەویش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان."

جەختیشیکردەوە،" هەمو ئەو سزایانەی کە پێشتر بەهۆی رێککەوتنە گاڵتەئامێزەکەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی کاتی راگیرابون، بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە."

کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە، تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمریکا و یەکلایبونەوەی ترەمپ پابەند دەبن بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەوەش وەک گرەوێک بۆ سەلماندنی ئەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئێران نەبوە، لەو رێگەیەشەوە ئێران دەیەوێت سزای ترەمپ بدات.






خەندان
Top