رۆحانی: ئەمریکا ئەو پردەی روخاندوە کە ئێستا دەیەوێت پیایدا تێپەڕێت

 رۆحانی: ئەمریکا ئەو پردەی روخاندوە کە ئێستا دەیەوێت پیایدا تێپەڕێت
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە پاشان دەیەوێت سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بسەپێنێتەوە بەسەر تاران، ئەو وڵاتە، ئەو پردەی روخاندوە، کە ئێستا دەیەوێت پیایدا تێپەڕێت.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی وتارێکدا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "دەمەوێت سوپاسی ئەو ئەو 11 وڵاتە بکەم، کە دەنگیان بە درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەدا، شکستێکی مێژویان روبەڕوی ئەمریکا کردەوە".

ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە، پاشان دەیەوێت سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بسەپێنێتەوە بەسەر تاراندا

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە، پاشان دەیەوێت سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بسەپێنێتەوە بەسەر تاراندا، ئەوە وەک ئەوە وایە هەوڵبدات بەسەر پردێکدا بپەڕێتەوە، کە پێشتر بە دەستی خۆی روخاندبێتی.

لە رەشنوسی بڕیای ژمارە 2231ی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوە، ئەو وڵاتانە مافی گەڕاندنەوەی سزاکانی پێش رێککەوتننامەکەیان هەیە بەسەر ئێراندا، کە ئەندامی رێککەوتننامەکەن

رۆحانی باسی لەوەشکرد، لە رەشنوسی بڕیای ژمارە 2231ی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوە، ئەو وڵاتانە مافی گەڕاندنەوەی سزاکانی پێش رێککەوتننامەکەیان هەیە بەسەر ئێراندا، کە ئەندامی رێککەوتننامەکەن، بەڵام ئەمریکا چیتر لایەنێک نییە لەو رێککەوتننامەیە.

15ی ئەم مانگە 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکان کە بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران پێشکەشیکردبو کۆبونەوە، لە دەرئەنجامی ئەو دەنگدانە 11 وڵات کە لە نێوانیاندا بریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیای تێدابو هیچ دەنگێکیان نەدا بە پڕۆژە بڕیارەکە، روسیا و چینیش ئەو پڕۆژە بڕیارەیان ڤیتۆ کرد، تەنها ئەمریکا و کۆماری دۆمینیکا دەنگیان بە بەڵێدا لەسەری.

لەلایەن خۆشییەوە کیلی کرافت، نێردەی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "لە وەڵامی درێژنەکردنەوەی گەماری چەک لەسەر ئێران لە چەند رۆژی داهاتودا ژمارەیەک سازی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنین".





خەندان
Top