سەرکۆماری لوبنان کاتی چەکدانانی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی ئاشکرا دەکات
سەرکۆماری لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا کاتی چەکدانانی میلیشیای حزبوڵڵای وڵاتەکەی، ئاشکرا دەکات.
میشال عۆن، سەرکۆماری لوبنان، کە هاووڵاتییەکی مەسیحیی ئەو وڵاتەیە، بە رۆژنامەی (کۆریرا دیلا سیرا)ی ئیتاڵی راگەیاندووە، لە ساڵی 2005ـەوە رێککەوتنی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حزبوڵڵا هەیە.
میشال عۆن ئاشکرای کردووە، کە هەر کاتێک کێشەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل چارەسەر کرا و ”دەستدرێژییەکان“ی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وەستێنران، حزبوڵڵا چەکەکەی دادەنێت و ”بە دیاری دەیداتە سوپا“.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
باسنیووز
