جەنەراڵێکی رووسیا لە سووریا دەکوژرێت

جەنەراڵێکی رووسیا لە سووریا دەکوژرێت
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان، جەنەراڵێکی رووسیا کوژراوە و دوو سەربازی دیکەی ئەو وڵاتە برینداربوون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، تەقینەوەکە بەهۆی تەقەمەنییەکی چێندراوەوە بووە و بە کاروانێکی هێزەکانیان تەقیوەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجامدانی کارێکی مرۆیی تەواوبوون و بۆ ناوچەکە گەڕاونەتەوە.

راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەلایەن ئاژانسەکانی، Interfax و TASS بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، سەرەتا ئەو جەنەراڵە برینداربووە، دوای ئەوەی هاوکاریی تەندروستیی پێگەیێندراوە و لە ناوچەکە دوورخراوەتەوە، گیانی لەدەستداوە.

ئەو جەنەراڵە، بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرگریی رووسیا، "راوێژکاری باڵای سەربازی بووە کە پلەی جەنەراڵی سەرەکی [لیوا]"ـی هەبووە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ئەو ئەفسەرە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە هەزاران سەربازی رووسیا لە سووریا بۆ پاڵپشتی لە سوپای ئەو وڵاتە جێگیرکراون و دەستێوەردانی رووسیا لە ساڵی 2015 هاوکاریی مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریای کرد بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

لە مانگی تەممووزی رابردوو، سێ سەربازی رووسیا و چەند سەربازێکی تورکیا لەکاتی گەڕانی هاوبەش لە ناوچەکانی دەوروبەری ئیدلب بەهۆی تەقینەوەیەکەوە برینداربوون.




rudaw
Top