ئەمریکا سزا بەسەر دەیان هاوبەشی هواوییدا دەسەپێنێت
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هواوی سوودی لە هەندێک کۆمپانیای دیکە وەرگرتووە بۆئەوەی خۆی لە سزاکانی واشنتن بدزێتەوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەمریکا سزای بەسەر 38 کۆمپانیای دیکەدا سەپاندووە، کە لە نزیکەوە پەیوەندییان لەگەڵ هواوی هەبووە و کاریان لەگەڵ کردووە.
ویڵبەر رۆس، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، هواوی و هەندێک کۆمپانیای دیکەی نزیک لێی بە جۆرێک کاریانکردووە کە زیان بە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەگەیێنن.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، کۆمپانیای هواوی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر وڵاتان هەیە، ئەوەش بەهۆی نزیکی لە حکومەتی چینەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆمپانیاکە ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەوبارەوە رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هواوی بەو جۆرە دەبینێت کە هەیە، ئەویش ئەوەیە، هواوی "باڵێکە" لە سیستمی چاودێریکردنی پارتی کۆمۆنیستی چین.
پۆمپەیۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمریکا سزای نوێی بەسەر هواوییدا سەپاندووە بۆئەوەی "ئاسایشی نیشتمانیی وڵات و زانیاری تاکەکەسی هاووڵاتیانی خۆمان بپارێزین".
هەنگاوەکەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر کارەکانی کۆمپانیا چینییەکە لە 21 وڵاتی جیهان دەبێت، لەوانە لە چین، بەرازیل، ئەرجەنتین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەنگاپوور، تایلەند و بەریتانیا.
قورسترکردنی سزاکانی سەر هواوی لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین زیاتربوون و واشنتن دەڵێت، کۆمپانیا چینییەکان لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بۆ سیخوڕی بەکاردەهێندرێن.
ئیدارەی ترەمپ هواوی لە تۆڕەکانی وایەرلیسی نەوەی پێنج لە ئەمریکا قەدەخەکردووە و گوشاری لەسەر هاوپەیمانەکانیشی دروستکردووە بۆئەوەی هەمان کار بکەن.
rudaw
