جۆو بایدن: دەبێت ئەردۆغان تێبگەیەنین هەڵەیە و باجی هەڵەکەشی بدات
بایدن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا "چۆن دەڕوانیتە سیاسەتەکانی ئەردۆغان؟ ئەگەر ببیتە سەرۆکی ئەمەریکا، سیاسەتت بەرامبەر تورکیا و ئەردۆغان چۆن دەبێت؟"، گوتی "زۆر نیگەرانم لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان. دەبێ کورد بەشداری پێبکەین لە پرۆسەی سیاسیدا و، پاڵپشتی تەواوی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بکەین و شکست بە ئەردۆغان بھێنین".
جۆو بایدن بەتووندی قسە لە دژی ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا دەکات و دەڵێ "من پێموایە دەبێت بەتەواوی سیاسەتمان بەرامبەر ئەردۆغان بگۆڕین. بەڕوونی پێی بڵێین ئیدی ئێمە پاڵپشتی لە سەرکردایەتیی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین. تێیبگەیەنین ئیتر سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کورد دەیانەوێت لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن و بۆ ماوەیەکیش لە پەرلەمان و سیاسەتدا بەشداربوون، بەشدارییان پێبکەین. دەبێ ئێمە تێیبگەینین ھەڵەیە و دەبێ باجەکەشی بدات".
جۆو بایدن ئاشکرای دەکات پێشتریش وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوو جار بەتایبەتی لەسەر پرسی کورد لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە، بەڵام وەک دەڵێ: ئەو پرسە ھیشتا زیندووە و چارەسەر نەبووە.
جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی "دوایین شت کە من داوا لە ئەردۆغان دەکەم لەبارەی کوردەوەیە. ئەمە دوا شتە و پیشتریش دووجار لەبارەی کورد کۆبوونەوەم لەگەڵیدا هەبووە، ھیشتا ئەوەش کۆتایی نەھاتووە. پێموایە ئەمانە کارێکی زۆریان دەوێت بۆئەوەی پێکەوە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا یەکبگرین و بیر لەوە بکەینەوە؛ چۆن کارەکانی ئەردۆغان لەناوچەکە قەتیس بکەین، بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پەیوەست بە نەوت و زۆر بابەتی دیکە، کە ماوەیەکی زۆری دەوێت، وەڵامەکە ئەوەیە: بەڵێ من نیگەرانم".
بایدن، کامالا هێرسی وەکو جێگری خۆی دەستنیشانکردووە کە ئەویش زۆر دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە و بەیەکەوە لەسەر ئەم بابەتانە لە تورکیا نیگەرانن: کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی رووسی، رێگریکردن لە بەکارھێنانی بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیک لە شەڕی دژی داعش، شەڕفرۆشتن بە یۆنان، گەڕان بەداوی نەوت لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەستتێوەردان لە سووریا و لییبا.
بایدن دەڵێ ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ھەموو ئەو بابەتانە لەگەڵ تورکیا یەکلایی دەکاتەوە.
k24
