لە هەرێمی گالیسیا لە باکووری رۆژئاوای ئیسپانیا بە بڕیارێک جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان قەدەخە دەکرێت.
لەبەرئەوەی خەڵکەکەی پێگیرییان بە رێکارە خۆپارێزیەکان و دوورکەوتنەوە لە یەکدی نەدەکرد، حکومەتی خۆجێیی هەرێمەکە ناچاربوو جگەرە کێشان، لە رێستۆرانت، قاوەخانە، و سەرشەقامەکان قەدەخە بکات بۆ ئەوەی رێگیری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا بگیرێت.
ئەم بڕیارەش لە لایەن هاووڵاتیانی ئەو هەرێمەوە، پێشوازیی لێکرا. دانیشتووێکی هەرێمی گالیسیای ئیسپانیا دەڵێت "پێموایە ئەوە کارێکی باشە و لە قازانجی هەموواندایە. من وادەبینم دۆخەکە بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕوات و دەبێت ئێمەش کەمێک وریابین و ئاگامان لە دۆخەکە بێت."
جگە لە دوورگەکانی کەناری، لە سەرانسەری ئیسپانیا، بەستنی دەمامک ناچارییە. بەڵام هەندێ لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەمامکەکانیان لادەبەن بۆ ئەوەی جگەرە بکێشن. بۆیە هاووڵاتیانی گالیسیا بەباشی دەبینن لە سەرتاسەری ئیسپانیا هاوشێوەی هەرێمەکەیان جگەرەکێشان لە شوێنە گشتیەکان قەدەخەبکرێت.
دانیشتووێکی دیکەی هەرێمی گالیسیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەوە کارێکی زۆر باشە. پێموایە قەدەخەی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان دەبێت لەسەرانسەری وڵاتدا جێبەجێبکریت نەک تەنها لە گالیسیا."
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، لە کاتی جگەرەکێشاندا، چەندین دڵۆپی ئاو و لیک کە بە وردبین نەبێت نابینرێن، لە دەم و لووتی جگەرەکێشەکە لەگەڵ دووکەڵی جگەرە دەردەکەون و هەریەکیان چەندین ڤایرۆس و بەکتریا لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن کە بەر هەر کەسێک بکەون، تووشی ئەو ڤایرۆس و بەکتریایانە دەبن.
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 21 ملیۆن و 436 هەزار و زیاتر لە 800 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 764 هەزار و 932 کەس گیانیان لەدەستداوە و 14 ملیۆن و 210 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.
ئیسپانیا لە ریزبەندی 10ـیەم دێت لە رووی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا. تاوەکو ئێستا 358 هەزار کەس تووشبوون و 28 هەزار و 617 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw
