ئێران: بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە هاوبەشەکانمان لەگەڵ عێراق بۆ ملیۆنێک بەرمیل بەرزدەکەینەوە

 ئێران: بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە هاوبەشەکانمان لەگەڵ عێراق بۆ ملیۆنێک بەرمیل بەرزدەکەینەوە
بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئارۆندان" کە کۆمپانیاکی کەرتی نەوتی ئێرانە رایگەیاند، 60%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژئاوای ناوچەی کارۆن لە ڕێگەی کێڵگە هاوبەشەکان بوە لەگەڵ وڵاتی عێراق، پلانی ئەوەشیان هەیە لە داهاتودا کاری هاوبەش پەرەی پێبدرێت و ئاستی بەرهەمهێنانیش بۆ ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرزبکەنەوە.

60%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە هاوبەشەکان بوە لەگەڵ عێراق

جیهانگیر بورهنک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "ئارۆندان" کە کۆمپانیاکی کەرتی نەوتی ئێرانە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی کارۆن، کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئێران 60%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی سنوری کێڵەگە هاوبەشەکانە، پلانی ئەوەشیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری کێڵگە هاوبەشەکان بۆ 70% زیادبکرێت.

لە ناوچەی کارۆن ئاستی بەرهەمهێنان دەگەیەنرێتە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی داهاتویان ئەوەیە لە ناوچەی کارۆن ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، لەلایەکی دیکەشەوە سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی لەبەردەم کەرتی پیشەسازی ئێراندا هەن، بەڵام توانیویانە توانای خۆیان لە کەرتی نەوتدا بە ئاستێکی گونجاو بەرەو پێش بەرن.

عێراق لەگەڵ ئێران، کوەیت و سوریا 24 کێڵگەی نەوتی هاوبەشی هەیە

عێراق لەگەڵ ئێران، کوەیت و سوریا 24 کێڵگەی نەوتی هاوبەشی هەیە، لەو ژمارەیەش 15 کێڵگەیان رۆژانە نەوت بەرهەم دەهێنرێت و ئەوانی دیکەش تائێستا دەست بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت تێیاندا نەکراوە.









خەندان
Top