تایوان رێککەوتنی کڕینی فڕۆکەی F16 لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکات
هەردوو وڵاتی ئەمریکا و تایوان رێککەوتنێکی سەربازی واژۆ دەکەن و بەهۆیەوە ئەمریکا فڕۆکەی F16 دەداتە تایوان.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە ئێوارەی رۆژی هەینی 14-8-2020 واژۆ کراوە، بەڵام ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرا نەکردووە، کە ئەمریکا رێککەوتنی لەگەڵ کردووە.
ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەمریکا رێککەوتنەکەی لەگەڵ تایوان کردووە.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، بە بەهای 62 ملیار دۆلار، فڕۆکەی F16 بە تایوان دەفرۆشێت.
ئەو رێککەوتنە دەبێتە هۆکارێکی دیکەی ئاڵۆزیی و ناکۆکی نێوان ئەمریکا و کۆماری میللی چین، چونکە چین دان بە سەروەریی تایواندا نانێت و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی، هەژماری دەکات.
باسنیوز
