نەتانیاهو دوو جار بە نهێنی سەردانی ئیماراتی كردوە
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دو جار سەردانی ئیماراتی كردوە
لە راپۆرتە هەواڵێكیدا ئەمڕۆ هەینی رۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" رایگەیاند، پێش ئەوەی رێككەوتن لەنێوان هەریەك لە ئیمارات و ئیسرائیل ئەنجامبدرێت، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دو جار سەردانی ئیماراتی كردوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەو سەردانییانەیدا یاوەریی نەتانیاهو-ی كردوە و بەڵام هەردو سەردانییەكە بە نهێنی ئەنجامدراوە
ئاماژەی بەوەشكردوە، مائیر بن شبات، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەو سەردانییانەیدا یاوەریی نەتانیاهو-ی كردوە و بەڵام هەردو سەردانییەكە بە نهێنی ئەنجامدراوە.
باسی لەوەشكردوە، بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە پێشتر هەنگاوی زۆر جددی و گرنگ نراوە هەتا متمانە لەنێوان هەردو لایەندا دروستبێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرۆكی حكومەتی راسپێردراو بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی راسپاردوە هەتا ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیمارات دەستپێبكات.
سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشیتمانیی وڵاتەكەی راسپاردوە، بۆ ئامادەكارییەكانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەبوزەبی
بەگوێرەی زانیارییەكان، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆكی حكومەتی راسپێردراوی ئیسرائیل مائیر بن شبات، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشیتمانیی وڵاتەكەی راسپاردوە، بۆ ئامادەكارییەكانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەبوزەبی.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكردوە، هەفتەی داهاتو شاندێكی ئیسرائیل دەچێتە ئیمارات و لەوێ چوایان بە بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە دەكەوێت، بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو پێشەوە تایبەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكانی نێوانیان.
خەندان-
