ئەمریکا: دەستمان بەسەر چوار کەشتیی ئێرانیدا گرتووە کە نەوتیان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە

ئەمریکا: دەستمان بەسەر چوار کەشتیی ئێرانیدا گرتووە کە نەوتیان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە

حکومەتی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەستیان بەسەر 4 کەشتییدا گرتووە کە سووتەمەنییان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە و هەر چوار کەشتییەکەش ئێرانین، بەڵام بەرپرسانی تاران دەڵێن، ئەو کەشتییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە تارانەوە نییە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پاڵپشتیی هاوبەشە بیانییەکانیان، ئەو "موڵکە" دەستیبەسەرداگیراوە و ئێستا لەژێر دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە. دەشڵێت، "بڕی نەوتە دەستبەسەرداگیراوەکە زیاتر لە 1 ملیۆن بەرمیلە و ئەوەش بە زۆرترین بڕی نەوتی دەستبەسەرداگیراوی ئێران دادەنرێت".

مانگی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ ئەو کەشتییانە دەرکرد کە سووتەمەنییان بۆ ڤەنزوێلا دەگواستەوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، میدیای ئەمریکا لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەو کەشتییانەی لە دەریا دەستیان بەسەردا گیراوە و بەرەو شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس دەگوازرێنەوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا هەواڵی میدیاکانی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی شێوازی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان بڵاونەکردەوە.

ئەمریکا بیزنیزمانێکی ئێرانی بەناوی مەحموود مەدەنیپوور تۆمەتباردەکات بەوەی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە و هەڵساوە بە جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی ئەو سووتەمەنییە بۆ ڤەنزوێلا. بۆ ئەو مەبەستەش سوودی لە هەندێک کۆمپانیا وەرگرتووە بۆئەوەی لە سزاکانی سەر ئێران خۆی بدزێتەوە و پلانەکە جێبەجێبکات. بەڵام حوجەت سوڵتانی، باڵیۆزی ئێران لە ڤەنزوێلا رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان تاران و کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکاندا هەبێت.

سوڵتانی لە رێگەی تویتەرەوە گوتی، "کەشتییەکان ئێرانی نین و خاوەنەکانیان و ئاڵاکانیش هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێرانەوە نییە".

ڤەنزوێلا زۆر پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 25%ـی بڕی بەرهەمهێندراوی ساڵی 2008ی دابەزیووە و ئابوورییەکەی رووبەڕووی داڕمانێکی گەورە بووەتەوە.

سزاکانی واشنتن بەسەر حکومەتی ڤەنزوێلادا وایکردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە پەنا بۆ هاوپەیمانەکانی وەک ئێران ببەن بۆئەوەی کێشەی کەمبوونەوەی سووتەمەنی چارەسەربکەن.

سەرەتای ئەمساڵیش ئێران هەندێک کەشتی نارد بۆ ڤەنزوێلا بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە.

لە ئایاری 2018ـەوە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیادبوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 کشایەوە و قۆناخ بە قۆناخ سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.



RUDAW
Top