خوێندکارێکی ئێرانی بەهۆی بێ پارەییەوە ئاگر لە قوتابخانەکەی بەردەدات
خوێندکارێکی دواناوەندی لە شاری کەرەج لە ئێران، دوای ئەوەی نەیتوانی پارەی خوێندنی خوێندنگەکەی بدات، بە هاوکاریی سێ هاوڕێی، ئاگریان لە قوتابخانەکەیان بەردا.
خوێندکارەکە ناوی مەیسەم بووە و خوێندکاری دواناوەندی بووە لە قوتابخانەیەکی ناحکومی لە شەقامی موتەهەری شاری کەرەج. مەیسەم دەڵێت؛ دوای ئەوەی زانیویەتی بنەماڵەکەی توانای ئەوەیان نییە بڕە پارەی سێ ملیۆن تمەنی خوێندنەکەی بۆ بدەن و خوێندنگەکەش یەک ساڵ رێگەی خوێندنی پێنەداوە، بە یارمەتیی سێ لە هاوڕێکانی، تۆڵەی لە خوێندنگەکە سەندووەتەوە و لە نیوەشەودا ئاگریان تێبەرداوە.
ئەو خوێندکارە دەشڵێت؛ مەرجی بوێریی لەگەڵ هاوڕێکانی کردووە و بەو شێوەیە توانیویەتی هانیان بدات کە یارمەتیی بدەن.
هەر سێ هاوڕێکەی مەیسەم لەلایەن پۆلیسی کەرەجەوە دەستبەسەر کراون و زیانی خوێندنگە سووتاوەکەش بە شەش ملیار تمەن خەمڵێندراوە. یەکێک لە هاوڕێکانی مەیسەم دەڵێت؛ کێشەی نەبوونی و بێ پارەیی نەبووە، تەنیا لەبەر هاوڕێکەی کە لەلایەن قوتابخانەکەوە بێڕێزیی پێ کرا، ئەو مەرجەی قبووڵکردووە.
هاوڕێکانی مەیسەم دەڵێن؛ بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە ئەو کارەیان ئەوەندە زیانی لێبکەوێتەوە.
بەپێی یاسای ئێران، حکومەت بەرپرسە لە خوێندنی خۆڕایی هاووڵاتییان لە قوتابخانەکاندا، بەڵام لە ماوەی 10 بۆ 20 ساڵی رابردوودا قوتابخانە ناحکومییەکان دەستیان بە کار کردووە و تێچووی یەک ساڵی خوێندن لەو قوتابخانانە، لە مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران زۆر زیاترە.
بەپارەکردنی خوێندن لە ئێران لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەکانەوە، ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆری چالاکڤانانی ئەو بوارە دەستبەسەرکراون.
rudaw
