وەزیری سوپای فەرەنسا سەرپەرشتیی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ لوبنان دەکات

وەزیری سوپای فەرەنسا سەرپەرشتیی گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ لوبنان دەکات


وەزیری سوپای فەرەنسا سەرپەرشتیی گەیشتنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ لوبنان، دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-8-2020، فلۆڕانس پارلی، وەزیری سوپای فەرەنسا بگاتە بەیرووت و تا سبەی هەینی، لەوێ دەمێنێتەوە.

فەرەنسا هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (تونیر) ناردووەتە لوبنان و کۆی هاوکارییەکان، کە بڕیارە تا رۆژی 15-8-2020 بگەنە بەیرووت پێک هاتووە لە 18 تۆن کەلوپەلی پزیشکی، 700 تۆن خواردن و کەلوپەلی بیناسازی.

دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شارەکەی کرد و بەڵێنی دا هاوکاری بۆ خەڵکی لوبنان بنێرێت و رێگا نەدات دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دەست بەسەر هاوکارییەکاندا بگرن.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 160 کوژراو و زیاتر لە شەش هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.







باسنیوز
Top