نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: هێرشەکەی تورکیا لە سیدەکان جێگەی نیگەرانییە
ئەمە یەکەمین کاردانەوەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ هێرشەکەی رۆژی سێشەممەی تورکیا کە لە ئەنجامدا دوو بەرپرسی باڵای سەربازیی عێراق و شۆفێرەکەیان کوژران.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، عێراق لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، هیچ سکاڵایەکی فەرمیی پێشکەش نەکردووە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمریکا و رووسیا و هیچکام لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەڵامی نووسینگەی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکانیان نەداوەتەوە دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان.
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2020 لە ناوچەی برادۆست، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراق سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون، کە لە خاڵە سنوورییەکان دروستببوون بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لەلایەن فڕۆكەیەكی توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کرایە ئامانج.
لە ئەنجامی هێرشەکەی تورکیا، دوو فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور و فەرماندەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لەدەستدا و فەرماندەیەکی دیکە و دوو سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و کارمەندێکی هەواڵگری عێراق برینداربوون.
rudaw
