لە یەمەن بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە 172 کەس گیانیان لەدەستدا

لە یەمەن بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە 172 کەس گیانیان لەدەستدا
بارانبارین و لافاوەکەی چەند هەفتەی رابردووی یەمەن زیانی گەورەی بەو وڵاتە گەیاندووە. بەرپرسانی یەمەن رایانگەیاندووە، ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 172 کەس و زیانگەیاندن بە ژمارەیەکی زۆر خانوو و شوێنەوار.

بەرپرسانی یەمەن دەڵێن، لە پارێزگای مەئریبی رۆژهەڵاتی سەنعا 30 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە کە 19 کەسیان منداڵ بوون.

بە گوتەی بەرپرسانی سەنعا، هەر لە ئەنجامی باران و لافاوەکە ژمارەیەکی زۆر چادر تێکچوون کە نزیکەی هەزار و 340 خێزانی ئاوارە تێیاندا دەژیان.

لە پارێزگای لەحجیش حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان ئاو بردوویەتی و چوار کەسی دیکەش لەسەر رێگەی نێوان پارێزگاکانی حەزرەمەوت و شەبوە گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی حوسییەکانیش گوتیان، لە ناوەڕاستی تەممووزەوە تاوەکو 7ی ئەم مانگە 131 کەس بەهۆی باران و لافاوەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان گیانیان لەدەستداوە و 124 کەسی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی حوسییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، بارانبارین و لافاوەکە بووەتەهۆی رووخاندنی 106 خانوو و باڵەخانە و زیانیشی بە 165 خانوو و باڵەخانەی دیکە گەیاندووە.

هاوکات رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو زیانە گیانیانە و بەرکەوتنی زیان بە ناوچە شوێنەوارییەکان راگەیاندووە.



rudaw
Top