وەزیرێکی حکوومەتی لوبنان دەست لەکار دەکێشێتەوە
وەزیرێکی حکوومەتی لوبنان دەست لەکار دەکێشێتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیا لوبنانییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 9-8-2020، خاتوو مەنال عەبدولسەمەد، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
مەنال عەبدولسەمەد لە بەیاننامەیەکدا، هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛
- لە ئاست ویست و داخوازیی لوبنانییەکان نەبووین.
- ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە لوبنان بە دوور دەبینین.
- تەقینەوەکەی بەیرووت
رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.
تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.
باسنیوز
