نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەستلەکاردەکێشێتەوە
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری ئێران بەنیازە واز لە پۆستەکەی بهێنێت و ئیلیۆت ئەبرام، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا ئەرکەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری وازهێنانەکەی برایان هووک نەکردووە.
بڕیاری برایان هووک بۆ وازهێنان لەکاتێکدایە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژە یاسایەکی ئەمریکا بدات بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارەکانیش گوتوویانە پرۆژەکە سەرناگرێت.
ئەمریکا هەڕەشەی کردووە ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت لە درێژکردنەوەی قەدەخەی ناردنی چەک بۆ ئێران، ئەوا هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا نوێدەکاتەوە.
لە چوار ساڵی کارکردنی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا، برایان هووک ببووە رووخساری سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.
rudaw
