سکرتێری گشتیی حیزبی کەتائیبی لوبنان لە تەقینەوەکانی بەیرووت گیانی لەدەستدا
سەرچاوە میدیاییەکانی لوبنان و سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبی کەتائیبی لوبنان گیانلەدەستدانی نزار نەجاریان، سکرتێری گشتیی حیزبەکەیان راگەیاند.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، نزار نەجاریان لە شوێنی تەقینەوەکان بووە و پاش برینداربوونی، دواتر گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی یەک لەدوای یەکی بەهێز لە کۆگایەکی یارییە ئاگرینەکان روویداو بەیرووتی پایتەختی لوبنانیان هەژاند و سەتان کەس بریندار بوون و سەرچاوە تەندروستییەکانیش گیانلەدەستدانی لانیکەمی 10 کەس باسدەکەن.
حەسەن دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان سبەینێی کردە رۆژی ماتەمینی لە لوبنان.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2020 لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دوو تەقینەوەی بەهێز روویاندا.
میدیاکانی لوبنان لە زاری خەڵکی بەیرووتەوە باسیان لەوە کردووە کە تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون باڵەخانە دوورەکانیش زیانیان بەرکەوتووە. میدیاکارێک باسی لەوە کردووە کە بەسەر شەقامێکدا رۆشتووە و لەکاتی تەقینەوەکەدا کەوتووە بە زەویدا.
تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقینەوەکان دیارنییە.
Rudaw
