ئەنجوومەنی زانایانی فەرەنسا: ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزتر لە جاران گەڕاوەتەوە
دوای دوو مانگ لە قەدەخەی هاتووچۆ و کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، جارێکی دیکە لەو وڵاتە ژمارەی تووشبووان زیادیکردووە و ژمارەی ئەوانەش کە لەژێر چاودێریی چڕدان لە زیادبوونە؛ ئەنجوومەنی زانایانی فەرەنساش هۆشداری لە لەدەستدانی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە دەدات.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەری زۆرە دوای کۆتاییهاتنی مانگی ئاب و هاتنی وەرزی پاییز، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزتر لە جاران چالاکتر ببێتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە فەرەنسا رووی لە هەڵکشان کردەوە. حکومەتی ئەو وڵاتەش بەستنی دەمامکی لە شوێنە گشتییەکان کردووەتە ناچاری، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆی لەوە بەدوورگرتووە قەدەخەی هاتووچۆی گشتی رابگەیێنێت.
گەشتە ئاسمانییەکانیش لە فەرەنسا دەستیانپێکردووەتەوە، بەڵام بە کۆمەڵێک رێکاری تووند، کە ئامانجەکەی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. حکومەتی فەرەنسا بڕیاریداوە لە هەموو فڕۆکەخانەکان پشکنینی ناچاری بۆ گەشتیارانی 16 وڵات بکرێت کە لەم کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنایان بە فراوانی تێدا بڵاوبووەتەوە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە: ئەمریکا، ئیمارات، بەحرەین، پەنەما، ئەفریقای باشوور، کوێت، قەتەر، ئیسرائیل، بەرازیل، پیرۆ، سربیا، جەزائیر، تورکیا، ماداگاسکار، هیندستان و عومان.
تاوەکو ئێستا لە فەرەنسا زیاتر لە 190 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە 30 هەزار تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە و سەروو 80 هەزار تووشبووش چاکبوونەتەوە.
Rudaw
