تورکیا.. فیلەکەی ناو ژووری کۆبوونەوەکانی ناتۆ
لە ناوەڕاستی ئاداری رابردوودا، گرژی لە نێوان بەلەمێکی فەرەنسی و کەشتییەکی تورکیادا کە چەکی بۆ لیبیا دەگواستەوە، لە نێو دەریای سپی ناوەڕاستدا روویدا. رووداوەکە پێشێلکاری تورکیا بوو بۆ ئابڵوقەی فرۆشتنی چەک بە لیبیا لەلایەن ناتۆوە، گرژییەکە نزیکبوو لەوەی ببێتە پێکدادانی چەکداری نێوان هەردوولا، ئەگەر بەلەمە فەرەنسییەکە پاشەکشەی نەکردایە. ئەم رووداوە لە نێوان دوو دوژمندا نەبوو، بەڵکو لە نێوان دوو دۆستدابوو کە سوێندیان خواردووە، یەکدی بپارێزن.
ئەوە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو ئەندامی ناتۆ نەبوو، بەر لە دوو هەفتە رووداوێکی هاوشێوە لە نێوان تورکیا و یۆناندا روویدا، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەسەر ناوچەیەکی نزیک لە دوورگەی رۆدسی یۆنانیدا سووڕانەوە، کەشتییە تورکییەکانیش هەوڵدەدەن لە ئاوەکانی یۆناندا، بەدوای غازدا بگەڕێن.
دیبلۆماتکارە ئەوروپییەکان پێیانوایە، جموجوڵەکانی تورکیا بۆ هەمووان ئاشکرایە، وەک "فیلی ناو ژوورەکە"ی لێهاتووە (ئیدیۆمێکی ئینگلیزییە لەبارەی کەڵەکەبوونی کێشەیەک و چارەسەرنەکردنی)، بۆ ناتۆ. بەڵام ئەوە بابەتێکە تەنیا هەندێک ئەندامی کەمی رێکخراوەکە دەیانەوێت قسەی لەبارەوە بکەن. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن وڵاتەکەیان ئەندامێکی گەورەی ناتۆیە لە 1952ەوە، دەوڵەتێکی بەهێز و ستراتیژییە بۆ رێکخراوەکە لە دووڕیانی نێوان ئەوروپا و ئاسیادا.
تورکیا هەموو رەخنەگرتنێک لە هەڵسوکەوتەکانی رەتدەکاتەوە و بە بێبنەما ناویان دەبات، بەڵام هەندێک لە باڵیۆزانی ناتۆ پێیانوایە تورکیا ئێستا بووەتە سەرئێشەیەکی کراوە لەبەردەم بەهاکانی هاوپەیمانیی دیموکراتی و بەرگری بەکۆمەڵدا.
سەرئێشەیەکی گەورە
رۆژنامەی واشنتن پۆست، تورکیا بە دوژمنکارانەترین دادەنێت. پێیوایە ئەو وڵاتە، لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیدا، لەسەر چەندین دۆسێی وەک لیبیا، سووریا، عێراق، رووسیا و سەرچاوەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ناکۆکی هەیە، هەندێکی دیکەشیان پێیانوایە دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی ئەردۆغان جێگەی دڵەڕاوکێیە.
فیلیپ گۆردۆن، راوێژکاری سیاسی دەرەوەی ئەمریکا و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا دەڵێت: "ئەستەمە تورکیا بە هاوپەیمانی ئەمریکا ناوببەین".
ئەو دەڵێت: "ناتوانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا دەستنیشان بکەیت، تەنانەت ناتوانیت روانگەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش لەو رووەوە دەستنیشان بکەیت. ئەمە سەرئێشەیەکی گەورەیە بۆ سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، چونکە روونە ئێمە لەسەر نزیکەی هەموو بابەتە ستراتیژییەکان ناکۆکین".
ئەم ناکۆکییە ستراتیژییانە تا دێت زیاتر دەبن، چەندین بابەتی جیاواز دەگرێتەوە، لە نێویاندا پشتگیری تورکیا بۆ گرووپە چەکدارەکانی سووریا، کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانیی رووسی ئێس 400، وێڕای ناڕەزایەتی ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆ، هەروەها پێشێلکاری ئابڵوقەی چەکی سەر لیبیا و گەڕان بەدوای نەوتدا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
نیکۆلاس پێرنز، باڵیۆزی پێشووی ناتۆ لە هارڤارد، دەڵێ هەڵسوکەوتەکانی تورکیا، سیاسەتەکانی هاوپەیمانییەکە پەکدەخات، هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، میسر، ئیمارات و ئەرمینیا بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵیاندا، راوەستاوە.
ئەو دەڵێت لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە، تورکیا بۆ چەندین مانگ رێگربوو لە پلانی ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیک، هەروەها تورکیا دەیەوێت ناتۆ هەرچی گرووپە کوردییە چەکدارە سەربەخۆخوازەکان هەیە، بە تیرۆریست ناوببات، هەرچەندە ئەوان باشترین هاوپەیمانی واشنتن بوون لە شەڕی دژی داعشدا لە سووریا و عێراق.
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا لە کانوونی یەکەمی رابردوو لە لەندەن، رێککەوتن بکرێت لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا لەلایەن تورکیاوە، بەڵام تورکیا چەندین گرێی بیرۆکراتی دروستکرد، ئەمە ترسی ئەوەی لای ئەندامانی ناتۆ دروستکردووە کە وا بکات، ئەندازیارە رووسییەکان بێنە ناو سیستمی بەرگریی هاوپەیمانییەکەوە، بەوەش هەلی دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکانی هاوپەیمانییەکەیان بۆ ئاشکرا دەبێت.
مردنی مێشک
دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی، قسەی بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە کردووە و دەڵێت: "هەموو جارێک کە باس لە دۆسێی رووسیا لە ناتۆدا دەکەین، هەمووان بیر لە سیستمی ئێس 400 دەکەنەوە و کەسیش هیچ ناڵێت. ئەو بابەتە پێشێلکارییەکی گەورەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆیە، تائێستا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە".
لەبارەی جمووجوڵەکانی لە لیبیادا، ئەماندا سلوات، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، کە مامەڵەی لەگەڵ تورکیادا کردووە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا، وتارێکی نووسیوە و تێیدا دەڵێت یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی روونیان لەبارەی ئەو جمووجوڵانەی تورکیاوە نییە.
وێڕای هەموو رەخنەکان، تورکیا لە جمووجۆڵ بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی بەتایبەت لە باکووری سووریا بەردەوامە و زیاتر لە دە هەزار سەربازی لەوێ هەیە، لە لیبیاش هاوکارییەکانی تورکیا بۆ حکومەتی ویفاق، رۆڵی لە گۆڕینی ئاراستەی شەڕدا هەبوو، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پشک لە داهاتەکانی وزە لەو وڵاتەدا.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە لێدوانی پێشووتردا گوتبووی ناتۆ بە دۆخی "مردنی مێشکدا" گوزەر دەکات، بەهۆی بێتوانایی لە لە پەلوپۆخستنی تورکیا و جموجۆڵەکانی لە رێگەی هاوئاهەنگیی سیاسییەوە.
کڕۆکی ناکۆکییەکان
هەرچەندە تورکیا ئەندامێکی کارای ناتۆیە و پێویستە لە بۆچوونە نێونەتەوەیی و تێڕوانینەکانیدا، هاوتای هاوپەیمانەکانی بێت لە نێو رێکخراوەکەدا، بەڵام ساڵانی رابردوو، درزی گەورەی لە بیرکردنەوەی تورکیا بەرامبەر زۆر رووداو و گۆڕانکاری و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیدا بەخۆوە بینی.
لە کاتێکدا تورکیا بەمافی خۆی دەزانێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە رووسیا بکڕێت، ناتۆ پێیوایە ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر پرەنسیپە سەرەکییەکانی دروستبوونی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی و نزیکەی سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانییەکە، وایدەبینن کە کڕینی ئەو سیستمە لەلایەن تورکیاوە، ئاسانکاریی زۆر بۆ رووسیا دەکات لە هاتنە ناو وردەکارییەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆوە، کە رکابەری سەرسەختی ناتۆیە.
تورکیا لە بابەتەکانی وەک جەنگی ناوخۆی سووریا، جەنگی ناوخۆی لیبیا و ئابڵووقەی فرۆشتنی چەک بە لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا، تێڕوانینی جیاوازی هەیە. هەروەها پێیوایە هاوتا ئەوروپییەکانی ناهەقی بەرامبەر دەکەن، کاتێک رێگە نادەن بەپێی یاساکانی سنوور، لە ئاوەکانی نزیک یۆناندا نەوت و غاز دەربهێنێت.
تورکیا ناکۆکی راستەوخۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە نێو ناتۆشدا هەیە، کێشە سنوورییەکانی یۆنان (کە ئەندامی ناتۆیە) یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هەردوولایە.
Rudaw
