حاکمی نیویۆرک رەخنەی توند لە دۆناڵد ترەمپ دەگرێت
هەڵەیە مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمبکرێتەوە، سەرۆک دەبێت هەمیشە راستییەکان بڵێت
ئەندرو کومۆ، حاکمی ویلایەتی نیویۆرک لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سیاسەتی حکومەتەکەی گرت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆڤید-19 و رایگەیاند، "هەڵەیە مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمبکرێتەوە، سەرۆک دەبێت هەمیشە راستییەکان بڵێت".
هەڵەیە نەبونی پڕۆگرامێکی پشکنینی نیشتیمانی کە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا بگرێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵەیە بوترێت کۆرۆنا لە شێوەیەکی ئەفسوناوی لەکاتی جەژنی ئیستەر نامێنێت، هەڵەشە نەبونی پڕۆگرامێکی پشکنینی نیشتیمانی کە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا بگرێتەوە، پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی لەوڵاتدا توندبکرێتەوە و پەیڕەوی رێنماییەکانی تەندروستی بکرێت.
کومۆ باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا لە چەند ویلایەتێکی وەک تەکساس و فلۆریدا، ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا بەردەوام لە زیادبوندایە، ئەوەش بەهۆی کردنەوەی کەرتی ئابوری وڵاتەکە لەپێش وادەی خۆی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەتاکە لەلایەن بەرپرسانی حکومی ئەمریکا.
لەسەر ئاستی جیهان ویلایەتە یەکگرتوەکنی ئەمریکا زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێگەیشتوە، تا ئێستا چوار ملیۆن و 869 هەزار و 285 توشبوی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 158 هەزار و 931 کەس گیانیانلەدەستداوە.
خەندان
