ئەڵمانیا؛ هەزاران کەس خۆپیشاندان لە دژی رێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجامدەدەن

 ئەڵمانیا؛ هەزاران کەس خۆپیشاندان لە دژی رێکارەکانی خۆپارێزی ئەنجامدەدەن
هەزاران کەس لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا لە دژی ئەو بەربەستانەی کە حکومەتی وڵاتەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا سەپاندیەتی بەسەریاندا، خۆپیشندەران دەڵێن، "ئەو بەربەستانە ماف و ئازادی هاوڵاتیان پێشێلدەکات".

17 هەزار هاوڵاتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان لە دژی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ئەنجامدا


بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە نزیکەی 17 هەزار هاوڵاتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان لە دژی ئەو رێکارانە گرتەبەر کە لە وڵاتەکەیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا گیردراوەتەبەر.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەرانی بەرلین بە یەک دەنگ هاواریاندەکرد، "ئێمە ژاوەژاو دروستدەکەین، چونکە ئازادییەکانمان لێدزراوە".

داواکاریمان گەڕانەوەی ئەو دیموکراسییەتەیە کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لێمان زەوتکراوە


یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ئەو شارە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات بە رۆیتەرزی راگەیاند، "داواکاریمان گەڕانەوەی ئەو دیموکراسییەتەیە کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لێمان زەوتکراوە".

لەوبارەیەوە ئەندامێکی پارتی دەسەلاتداری ئەڵمانیا رایگەیاند، "خۆپیشاندەران نەک هەر تەندروستیمان، بەڵکو سەرکەوتنەکانی وڵاتەکەش لە دژی پەتاکە دەخەنە مەترسییەوە".

لە ئیستادا بە بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا هاوڵاتیان پابەندکراون بە بەستنی دەمامک لە بازاڕ و شوێنە گشتی و داخراوەکاندا، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتەکەش کە لە گەشتی ناوچە مەترسیدارەکانی کۆرۆنا دەگەڕێنەوە پابەند دەکرێن بە ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسەکە، ئەمەش توڕەیی لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لێکەوتوەتەوە.








خەندان
Top