بیلاڕووس 33 هاووڵاتی رووسی بەتۆمەتی دروستکردنی پشێوی دەستگیردەکات

بیلاڕووس 33 هاووڵاتی رووسی بەتۆمەتی دروستکردنی پشێوی دەستگیردەکات
حکومەتی بیلاڕووس 33 کەسی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی پشێوی و شێواندنی سەقامگیریی وڵاتەکەی دەستگیرکرد، ئەوەش لە کاتێکدایە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە بەڕێوەدەجێت.

میدیای فەرمیی بیلاڕووس بڵاویکردەوە، "32 چەکداری کۆمپانیای سەربازیی واگنەر لە نزیک شاری مینسکی پایتەخت" و هاووڵاتییەکی دیکەی رووسی لە شوێنێکی دیکەی وڵات دەستگیرکراون.

میدیای فەرمیی بیلاڕووس ناو و زانیاری دیکەی لەبارەی ئەو 33 کەسە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەموویان رووسی بوون و ویستویانە سەقامگیریی وڵات بشێوێنن.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، رۆژی 9ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بیلاڕووس بەڕێوەدەچێت و ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی وڵاتیش بەربژێرە و دەیەوێت بۆ جاری شەشەم ببێتەوە سەرۆکی بیلاڕووس.

لە رۆژانی رابردوودا لوکاشینکۆ ژمارەیەک لە رکابەرە بەهێزەکانی دەستگیرکرد و هەندێک لە رەخنەگرانیشی بەوە تۆمەتباردەکات کە کار بۆ رووسیا دەکەن.

میدیای فەرمیی بیلاڕووس بڵاویکردەوە، حکومەت زانیاری دەستکەوتووە کە لە رۆژانی رابردوودا 200 چەکدار گەیشتوونەتە بیلاڕووس بە مەبەستی "شێواندنی بارودۆخەکە، ئەوەش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا".

میدیای فەرمیی بیلاڕووس دەڵێت، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە هەندێک هاوینەهەواردا مابوونەوە و بەوردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخەکە دەکرد بۆئەوەی پلانەکەیان جێبەجێبکەن.

لە چەند دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و سیاسی لە نێوان رووسیا و بیلاڕووسدا هەبووە، بەڵام جاروباریش گرژی لەو پەیوەندییانە دروستبووە.

گرووپی واگنەر کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەتە و باوەڕوایە لە لایەن کەسێکی نزیک لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە بەڕێوەدەبرێت و کاردەکات بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە ئۆکراینا، سووریا و لیبیا.













رووداو
Top