عادل عەبدولمەهدی پەیامێک بۆ سەرۆکی چین دەنێرێت

عادل عەبدولمەهدی پەیامێک بۆ سەرۆکی چین دەنێرێت
سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆک و سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەتی چین کرد، تیایدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئەو هەوڵانەی چین دەربڕی کە بۆ رێگریکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامیدەدات.

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەبدولمەهدی پەیامێکی ئاڕاستەی شی جینگ پینگ، سەرۆکی شین و لی کە شیانگ، سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەتی چین کرد، تێیدا بەناوی گەلی عێراقەوە پاڵپشتی خۆی بۆ هەمو ئەو هەوڵانەی چین دوپاتکردەوە، کە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامی دەدات.

عێراق متمانەیەکی بەرزی بە تواناکانی چین هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی کە تێیدایەتی


عەبدولمەهدی باسی لەوەشکردوە، عێراق متمانەیەکی بەرزی بە تواناکانی چین هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی کە تێیدایەتی، هەروەها بە سەرکەوتوی رێوشوێنی پێویست بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو مەترسییەی کە هەڕەشە لەگەلی چین دەکات تێدەپەڕێنن.

کۆتایی مانگی رابردو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبوەوە و دواتر چەند وڵاتێکی دیکەی جیهانی گرتەوە، لە ئێستادا هەڕەشە لە جیهان دەکات


کۆتایی مانگی رابردو ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبوەوە و دواتر چەند وڵاتێکی دیکەی جیهانی گرتەوە، لە ئێستادا هەڕەشە لە جیهان دەکات، تا ئێستا 813 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

عەبدولمەهدی رونیشیکردەوە، "عێراق پاڵپشتی کۆماری چین و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتانی جیهان دەکات، بۆ کپکردنەوەی ڤایرۆسەکە و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ لەناوبردنی".

عەبدولمەهدی وتیشی، پەیوەندیەکانی عێراق و چین بەرزدەنرخێنێت و ویستی زیادکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردو وڵاتی هەیە، بەجۆرێک کە خزمەت بە گەلی هەردو لابکات و ببێتە هۆی گەشەسەندن و بەروپێشچونی هەردو وڵات.

چین بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتەکەیدا، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە کۆمپانییاکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە لەپشودا بمێننەوە


چین بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتەکەیدا، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە کۆمپانییاکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە لەپشودا بمێننەوە، بەهۆی زیادبونی ژمارەی زۆری توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بەهۆیەوە نزیکەی مانگێکە رەوشی نائاسایی راگەیەندراوە.

لە دو هەفتەی رابردودا لە زۆرینەی شارە قەڵەباڵغەکانی چین بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەوە، بون بە شاری تارماییەکان


لە دو هەفتەی رابردودا لە زۆرینەی شارە قەڵەباڵغەکانی چین بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەوە، بون بە شاری تارماییەکان و لەشەقامەکاندا جوڵە و هاتوچۆ نەماوە و هەمو گەشتە ئاسمانییەکان راگیراوە و خوێندنگە و کارگە و کۆمپانیاکان داخراون.

لە سەرتاسەری جیهان، تا ئێستا 813 كەس بەهۆی كۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە و 37 هەزار و 555 كەسی دیكەش هەڵگری ڤایرۆسەكەن، ئەو ئامارەش تەنها حاڵەتە پشتڕاستكراوەكانن لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە، بەمەش ئەو راستییە دەردەخات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کوشندەترە لە ڤایرۆسی سارس کە لەساڵی 2002 بۆ 2003 لە چین بڵاوبوەوە، بەهۆیەوە 774 کەس گیانیانلەدەستدا.





خەندان
Top