ئاژانسی وزەی ئەتۆم: تائێستا هەنگاوەکانی ئێران رێککەوتنامەی ئەتۆمیان پێشێلنەکردوە
دوای هەنگاوی پێنجەمی کەمکردنەوەی پابەند بونەکانی، تاران هیچ هەنگاوێکی دیکەی پێشێلکاری نەناوە
رافائیل گروس بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوە، "دوای هەنگاوی پێنجەمی کەمکردنەوەی پابەند بون بە رێککەوتنی ئەتۆم، تاران هیچ هەنگاوێکی دیکەی نەناوە بەڵام ئەوان بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم".
بە بەردەوامی چاودێری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەین
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان بە بەردەوامی چاودێری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکەن و لەسەر ئەو پرسەش بڕیارە رۆژی سێشەممە لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوببنەوە.
رۆژی پێنجی کانونی دوەمی ئەمساڵ تاران هەنگاوەی پێنجەمی کەمکردنەوەی پابەندبونەوەکانی بە رێککەوتنامەی ئەتۆم کە لە نێوان وڵاتانی ناسراو بە (5+1) واژۆی کردبو رایگەیاند، ئەوەش دوای دو رۆژ هات لە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەلەیقی قودسی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا.
ناوەڕاستی ساڵی 2018دا سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە
سەرەڕای بەرھەڵستی ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانی، لەناوەڕاستی ساڵی 2018دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەیدا لەرێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاراندا، کە لەژێر ئەو رێککەوتنەکەدا سزاکان لەسەر ئێران ھەڵگیرابون لەبەرامبەر سنوردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمیەکەیدا.
لەوکاتەوە، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا ھەوڵیانداوە رێککەوتنەکە بەزیندویی بھێڵنەوە، لەکاتێکدا ترەمپ سزای نوێی سەپاندوە بەسەر ئەو وڵاتەدا و دەڵێت "بۆ شوێنگرتنەوەی رێککەوتنەکە، رێککەوتنێکی گشتگیرتر و ھاوسەنگتر پێویستە"، تاران ئەو سزایانەی واشنتنی بە ھەنگاوی تاکلایەنەی حکومەتی ئەو وڵاتە ناوبردوە.
خەندان
