ئێران بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی، لە سەرۆکی فەرەنسا نیگەرانە.

ئێران بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی، لە سەرۆکی فەرەنسا نیگەرانە.
عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ”بە بیری بەڕێز ماکرۆنی دەهێنینەوە، کە ئەو کەنداوەی کەوتووەتە باشووری ئێران تەنیا یەک ناوی هەیە و بریتییە کەنداوی فارس“.

عەباس موسەوی بوونی هێزە فەرەنسییەکان لە کەنداوی عەرەبی بە ”هەڵە“ ناودەبات و پێیوایە ئەو هەڵەیەش ”دەتوانرێ چاک بکرێتەوە“.

ئەو لێدوانەی موسەوی دوای ئەوە دێت، کە ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، کەشتیگەلی جەنگیی شارڵ دیگۆڵی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو کەنداوی عەرەبی بەڕێ دەکرێ.

ئێرانییەکان پێیان وایە ئەو کەنداوەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی جیایان دەکاتەوە کەنداوی فارسە و عەرەبەکانیش بە کەنداوی عەرەبی ناوی دەبەن.







باسنيوز
Top